بابەتتەندروستی

گەڕانەوەی سۆمای چاو بە کەڵکوەرگرتن لە شەپۆلی سەروودەنگ!

چارەسەرێکی نوێ، بەبێ نەشتەرگەری و بە شەپۆلی سەروودەنگ دەتوانێت یارمەتیی گەڕاندنەوەی لەدەستدانی سۆمای چاو بدات.

لە کۆتاییدا دەکرێت لە ناو لێنزێکی پەیوەندیی لەبەرکراودا یەک بخرێت.

 

بەکارهێنانی شەپۆلی سەروودەنگ لە تەکنۆلۆژیای پزیشکیدا هەموو ڕۆژێک زیاتر و فراوانتر دەبێت. ئێستا ڕاپۆرت دراوە کە ئەم شەپۆلانە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرەی جۆری ٢ و بۆ وشیارکردنەوەی نەخۆشەکانی کۆما بەکار دێت.

 

ئێستا تیمێکی توێژینەوە لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا (USC) مۆدێلێکی چارەسەری نوێ کە دەتوانێت دەمارەکانی ڕیتینی بە شەپۆلی سەروودەنگ بترازێنێت، پەرە پێ دەدات.

 

لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی بەساڵاچووان لە جیهاندا، “سۆنامیی زیو” لەلایەن شارەزایانەوە پێشبینی دەکرێت. لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەشدا سەیر نییە ژمارەی ئەو کەسانەی کە کەمئەندامیی بیناییان هەیە، زۆر بێت.

پێشبینی دەکرێت کە زۆرینەی حاڵەتەکان هەڵگری نەخۆشییە خراپەکانی تۆڕەیی (retinal)‎، تێکشکانی پێشکەوتووی وەرگرە هەستیارەکانی ڕووناکی لە تۆڕەدا بن.

هێشتا چارەسەرێکی ناداگیرکەری بۆ ئەم ئاڵۆزییە نییە، بۆیە هێشتا پێویستمان بە تەکنۆلۆژیای نوێ هەیە کە بتوانێت لەدەستدانی بینین بگەڕێنێتەوە.

 

ئەو چارەسەرەی ئێستا لەلایەن پزیشکی چاوەوە بەکار دەهێنرێت، نەشتەرگەرییەکی هێرشبەرانەیە کە پێویستی بە داپۆشینی ئامێرەکانی ئەلێکترۆد لەناو چاودا هەیە. کەواتە ئەم شێوازە نوێیە لەوانەیە چارەسەرێکی بێ نەشتەرگەری بێت کە بۆ چارەسەری ئاسانتری لەدەستدانی بینین، پێویستمان پێیەتی.

 

قیفا ژوو، پڕۆفیسۆری ئەندازیاریی بایۆمەدیکال و پزیشکی چاو لە زانستگەی کالیفۆرنیای باشوور و هەروەها سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەڵێت: لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئاژەڵان بۆ بەکارهێنانی ورووژاندنی سەروودەنگین بۆ ئەوەیکە لەجیاتی ورووژاندنی کارەبا بەکاری بهێنین.

 

چارەسەرەکە لەلایەن ئامێرێکی سەروودەنگی لەبەرکراو بە بەکارهێنانی پەستانە میکانیکییەکان بۆ چاو (بۆ ئەوەیکە دەمارەکان چالاک بکرێن و نیشانەکان بۆ مێشک بنێرن)، تۆڕەکە دەهەژێنێت.

 

گێنگسی لوو کە خوێندکاری دکتۆرایە لە تاقیگەی ژوو گوتی: ئەو دەمارانەی کە لە تۆڕی چاودا هەیە، کەناڵی هەستیاری میکانیکییان هەیە کە وەڵامیان دەداتەوە. کاتێک ئێمە بۆ دروستکردنی پەستانی میکانیکی سەروودەنگ بەکار دەهێنین، ئەم دەمارانە چالاک دەکرێن.

 

بۆ پرۆسەی تاقیکردنەوەی ئەم ڕێبازە، توێژەرەکان لە جرجێک کەڵکیان وەرگرت و بۆ هاندانی چاوەکانی شەپۆلی بەرزی، سەروودەنگیان بەکار هێنا. ئەوان نموونەیان لە ناوچەیەکی دیاریکراوی چاودا هەڵدا؛ بەڵام لەبەر ئەوەی جرجەکە نەیدەتوانی زاناکان لەمەڕ ئەوەیکە دەیبینێت ئاگادار بکاتەوە، تیمەکە چالاکی کۆرتێکسی بینایی مشکەکەیان بە ڕیزبەندێکی ئەلێکترۆدی پێوانە کرد. لە کۆتاییدا دەرکەوت کە ئەو جرجە هەست بە وێناکردنێک دەکات کە بۆ چاو دەرکراوە.

 

هەنگاوی دواتر تاقیکردنەوەی شێوازەکەیە لەسەر شیردەرەکان و پاشان گونجاندنی شەپۆلی سەروودەنگ بۆ لێنزی پەیوەندیی لەبەرکراو. دکتۆر ژوو ئاماژەی بۆ ئەمە کرد: لە ئێستادا ئێمە وزەگۆڕێک بەکار دەهێنین کە لەپێش تۆپی چاوی جرجەکە دانراوە بۆ ناردنی نیشانەکانی سەروودەنگ بۆ تۆڕە؛ بەڵام ئامانجی کۆتاییمان دروستکردنی ئامێری وزەگۆڕی لێنزی بێتەلە.

 

وەرگێڕ: شیما محەممەدی

چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button