بابەتتەندروستی

کامە پارێز بۆ کێش کەمکردنێکی دوورمەودا چاکترە؟

کامە پارێز بۆ کێش کەمکردنێکی دوورمەودا چاکترە؟

زۆرینەی ئەوەی لە دەرئەنجامە بڵاوکراوەکانی لێکۆڵینەوەی (DIETFITS) ی ئەم دواییانە دەرکەوت و زۆربەی سەردێڕەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دوو جۆر پارێزی کەم چەوری و پارێزی کەم کاربۆھایدرەیت کاریگەریی یەکسانیان لەسەر دابەزاندنی کێش، کەمکردنەوەی شەکری خوێن و کۆلێستڕۆڵیشدا، ھەبووە.

لەڕاستیدا، ئەوەی لە ھەمووی سەرنجڕاکێشترە ئەوەیە، کە ھەردوو پارێزەکە دروست ھەمان کاریگەرییان ھەبووە!

لێکۆڵۆڵەران ڕازونیازی ئەوەیان ھەبوو، کە ھەر دوو پارێزی کەم-چەوری و کەم-کاربۆھایدرەیتەکە پێک بەراورد بکەن. لە ھەمان کاتیشدا، کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو ڕووکارە بۆماوەیی و جەستەییانەی کە دەشێ کاریگەرییان بەسەر ئەوەوە ھەبێت داخۆ کامە پارێز بۆ کێ گونجاوە، بدۆزنەوە. لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر ئەوە دەخەنەڕوو، کە ڕەنگە جیاوازییەکی دیاریکراو لە ڕیزبەندی بۆماوەی مرۆڤەکەدا، ئەوە دیاری بکات کە ئەوانەی ھەڵگری ئەو جیاوازییەن، پارێزی کەم چەورییان باشتر بۆ دەبێت و چاتر لەگەڵیاندا دەسازێت. لێکۆڵینەوەگەلێکی تریش ئەوە پێشنیاز دەکەن، ھەستیاریی ئەنسۆلین لە ھەندێک مرۆڤدا ڕەنگە واتای ئەوە بێت، کە پارێزی کەم کاربۆھایدرەیتیان بۆ گونجاوترە و چاکتر دەسازێت.

لێکۆڵینەوەکە لەبارەی دابەزاندنی کێشەوە، چی دەرخست؟

لێکۆڵینەوەکە بە 609 کەسی نەختێک زیادکێش و قەڵەو دەستی پێکرد و، 481 دانەیان ساڵێکی ڕەبەق لەگەڵیدا ھەڵیانکرد. لە مانگی یەکەمدا، پێیان وترا پێشتر چییان دەکرد، ھەر وا بەردەوام بن. دواتر، بۆ ئەو ھەشت هەفتەی دواتر، تاقمی کەم چەورییەکە خواردن و ئاودیوکردنی ژەمەچەوریی ڕۆژانەیان بۆ 20 گرام لە ڕۆژێکدا کەم کردەوە. تاقمی کەم کاربۆھایدرەیتەکەیش بەکارهێنانی ڕۆژانەی کاربۆھایدرەیتیان بۆ 20 گرام لەڕۆژێکدا کەم کردەوە. ئەم بڕانە، تەواو کەمن، ئاخر تەماشا، ئەو ماستاوەی لەکاتی نووسینی ئەم وتارەدا دەیخۆمەوە، خۆی بەتاکی تەنھا 21 گرام چەوری تێدایە!

ئەم جۆرە خۆگرتنەوە، ئاستەمە بۆ ماوەیەکی درێژ دەستی پێوە بگیرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا، وەک لێکۆڵەران ئاماژەیان پێداوە، چ پێویست نییە دەستی پێوە بگرن. بەشداربووان وا ڕێنمایی کرابوون، ھێدی ھێدی بەکاربردنی کاربۆھایدرەیت و چەوری زیاد بکەن و لێی بخەنەسەر، تاوەکوو دەگەنە بڕێک، وا ھەست دەکەن ئیدی تەواو، دەتوانن لەسەری بڕۆن و ژیانیانی لەگەڵ بسازێنن.

بەسەر ئەوەیشەوە، ھەردوو تاقمەکە وا ڕێنمایی کران کە؛
1- تادەتوانن سەوزەمەنی بخۆن.
2- خواردنگەلێکی کوالێتی بەرز و تەندروست بخۆن.
3- لە ماڵەکانی خۆیاندا، خۆیان خواردن لێبنێن.
4- خۆیان لە چەوری ناتێر، شەکری زیادکراو و، کاربۆھایدرەیتی پوختەکراو بە دوور بگرن.

ھەروەتر ڕێنمایی کران ڕۆژانە دوو کاتژمێر و نیو لە ھەفتەیەکدا – بە ستانداردی ئەمریکا – مەشق و ڕاھێنان بکەن.

دوو پارێزی لێکچوو، کە ھێندەیش لێک جیاواز نین!

جیاوازیی دەستھاتەکانی نێوان دوو تاقمەکە، گچکە بوون. ڕاستە کە تاقمێکیان کاربۆھایدرەیتی کەمتر و ئەوەی تر چەورییەکی کەمتریان بە کار دەبرد، بەڵام دەرکەوت ھەردوویان نزیکەی 500-600 کالۆریی کەمتریان وەک لە پێشووتر، نۆش دەکرد و ھەردوویان بە تێکڕا 12 پاوەندیان بە درێژایی ساڵەکە دابەزاند. ئەو ڕووکارە بۆماوەیی و جەستەییە جیاوازەیشی کە ھەیانبوو، ھیچ جیاوازییەکی دووست نەکرد!
تاکە پێوانەی جیاواز ئەوە بوو، چەورییە پڕۆتینی چڕی کەم(LDL) لە تاقمی کەم چەورییدا فرە کەمتر و چەورییە پڕۆتینی چڕی زۆر(HDL) لە تاقمی کەم کاربۆھایدرەیتدا زۆرتر بوو. لەکۆتاییدا، ھەردوو پارێزەکە بە تەندروست لە قەڵەم دران، ئەویش چونکە لێکۆڵەران جەختیان لەسەر ئەوە کردبووەوە بەشداربووان خواردنی بەکوالێتی و تەندروست و سەوزەیەکی زۆر بخۆن، لەھەمبەر ئەمەیشدا، خۆیان لە ئاردەمەنی و شەکر و چەوری خراپ بە دوور بگرن.

کامە باشترین پارێزە؟

باشترین پارێز ئەوەیە، کە دەتوانین بە درێژایی ژیانمان لەسەری بچین و تەواویش تەندروست بێت. خەڵکیی دەبێت ڕوو بکەنە خواردەمەنی بەکوالێتیی بەرز و تەندروست کە زۆرینە سەوزەمەنی بێت، لە ھەمان کاتیشدا، خۆیان لە ئاردەمەنی و شەکر و چەورییە ناتێر و پێشەسازکارەکان -ھەرشتێک لەکارتۆن نرابێت- بگرنەوە. ھەموو مرۆڤێک دەبێت جەستەییانە چالاک بێت، ھەفتانە بەلای کەمەوە، دو کاتژمێر و نیو چالاکی جۆراوجۆر و ھەڵبەزودابەز بکات. لە لایەکی تریشەوە، بۆ زۆرێک، ژیانێکی تەندروست بە واتای کۆنترۆڵکردنێکی چاکتری سترێس دێت، لەوانەیە تەنانەت پێویست بە چارەسەری دەروونیش هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو پاڵنەرە ئیحساسییانەی کە دەبنە هۆی خووی ناتەندروست لە خواردندا.

Diet Intervention Examining the Factors Interacting with Treatment Success*

وشەکان:

پارێز-Diet
چەوری-Fat
کاربۆھایدرەیت-carbohydrate
چەوری ناتێر-trans-fat
شەکری زیادکراو-added sugar

سەرچاوە:
https://www.health.harvard.edu/blog/weight-loss-for-life-the-dietfits-study-2018040913595

شەنیار جەلال

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button