زانایان، یەکێکی تر لە بیردۆزییەکانی داروینیان سەلماند

زانایان، یەکێکی تر لە بیردۆزییەکانی داروینیان سەلماند

زانایان، یەکێکی تر لە بیردۆزییەکانی داروینیان سەلماند.
لێکۆڵینەوەکە وەکوو یەکێکی تر لە ئاگادارییە زانستییەکان جێ دەگرێت و پێمان دەڵێت کاریگەریی مرۆڤ لەسەر ژینگەی ئاژەڵەکانەوە، نەک هەر بۆ ئێستایان، بەڵکوو بۆ داهاتووش جێپەنجەیان لەسەر بەجێ دەهێڵێت.

بە پێی بیردۆزییەکانی داروین بۆ پەرەسەندن (گووران)، هەموو چەشنی زیندەوەران، لە ڕێگەی هەڵبژاردنی سروشتیی ئەو جیاوازییە بچووک‌بچووکە بۆماوەییانەوە دەسازێن و گەشە دەکەن، کە بڕەو بە تواناکانی تاکەکە دەدەن، ڕکابەریی ئەوانی تر بکات، ڕزگاری ببێت و وەچەیش بخاتەوە.
وا دوای ١٤٠ ساڵ لە ماڵاوایی داروین، زانایان یەکێکی تر لە بیردۆزییەکانی داروینیان، بۆ یەکەمین جار سەلماند.
لێکۆڵینەوەکە لە لایەن لاورا ڤان هۆڵستین، خوێندکاری دوکتۆرا لە ئەنسرۆپۆلۆژیای زیندەیی لە کۆلێژی ست. جۆنس لە زانکۆی کامبریدجـەوە بەجێ گەیەندراوە. لێکۆڵینەوەکە ئەوە دەخاتە ڕوو، کە ژێر-چەشنە شیردەرەکان لە پەرەسەندندا ڕۆڵێکی زیاتریان هەیە، وەک لەوەی پێشتر زانرابوو. ئەمێستا چەشن‌پارێزوانەکان دەتوانن ئەم لێکۆڵینەوەیە وەک بەرچاوڕوونی بەکار بهێنن، بۆ ئەوەی بزانن پێویستە سرنجیان لەسەر چ خاڵێک تیژ بکەنەوە، تا دڵنیا بن کە فڵانە چەشن، لە مەترسی، یان لە قڕبوون بپارێزن.
خانمی لێکۆڵەر دەڵێت: “وا پاڵپشت بە زانیارییەکانی پێشوو، زانیاریی نوێ کەڵەکە دەکەین. ئاخر بڕوانە، لە بەندی سێهەمدا، لە کتێبی ڕەچەڵەکی چەشناندا، داروین گۆتوویە، ئەو هێڵە ئاژەڵییانەی وا چەشنی زۆرتریان تێدایە، دەبێت بە هەمان شێوە ‘جیاوازی’ زیاتریشیان لە هەگبەدا بێت. هەڵبەت لەم چەرخەی ئێستادا، ئەم ‘جیاوازییانە’ بە ژێر-چەشن پێناسە کراوە. لێکۆڵینەوەکەی من، کە لە پەیوەندیی نێوان چەشنەکان و جۆراوجۆریەتیی ژێر-چەشنەکانی کۆڵیوەتەوە، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ژێر-چەشنەکان لە داینامیکی پەرەسەندنی و پەرەسەندنی چەشنەکان لە داهاتوودا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. بێ گومان، ئەم ڕۆڵگێڕانە پێشتر و هەمیشە هەر وا بووە، هەر ئەمەیشە، کە داروین لە وەختی پێناسەکردنی ئەوەی داخۆ ‘چەشن’ چییە، تێبینیی خۆی لەسەر دانابوو.”
زانایان گەڕانەوە لای کتێبەکەی داروین، ماکی چەشنان، بە میکانیزمی هەڵبژاردنی سرووشتی، کە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٨٥٩، دوای ئەوەی داروین لە گەشتێکی پێنج ساڵەیدا گەڕایەوە، بڵاو بوویەوە. لەو کتێبە کاریگەرەیدا، داروین چەندوچۆنی ئەوەی کردووە، زیندەوەران بە بەردەوامی لە ڕێگەی کردەیەکەوە، کە پێی دەوترێت هەڵبژاردنی سرووشتی ( زیاتر بە “ڕزگاربوون، بۆ خۆگونجێنەرترینە” دەناسرێت)، پەرە دەسێنن. کارە پێشەنگەکەی وی، فرە گومان و قسەی هاتە سەر، ئاخر دژبەریی ڕوانگەی کتێبی پیرۆزی بۆ ئافراندن، دەکرد.
ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەوە دەخاتە ڕوو، کە لە هەریەکە لە شیردەرە وشکانییەکان لە لایەک و شیردەرە ئاوەکی و شەمشەمەکوێرەکان لە لایەکەی تردا، بە هۆکاری جیاوازی لە ژینوار و جیاوازی لە توانای جووڵانەوەیان، پەرەسەندن بە دوو شێوەی جیاواز ڕوو دەدات.
ڤان هۆڵستن ئێژێت: “ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە پەیوەندیی پەرەسەندنی لە نێوان چەشنی شیردەرەکان و ژێر-چەشنەکانیاندا، بە جیاوازیی ژینوارەکانیان، دەگۆڕێت و جیاوازە. ژێر-چەشنەکان بە دوو شێوەی جیاواز لە هەریەکە لە ژینوارە وشکانییەکان و نا-وشکانییەکاندا دەسازێن، هەمەچەشن دەبن و ژمارەیان زیاد دەبێت. ئەمەش لە کۆتاییدا کاریگەریی خۆی لەسەر ئەوە دادەنێت، کە چۆنهایی ژێر-چەشنێک دواتر دەبێتە چەشنێک. بۆ نموونە: کاتێک بەربەستێکی سرووشتی وەکوو زنجیرەچیایەک دێتە ڕێ، دەشێت تاقمە ئاژەڵییەکان لە یەک داببڕێنێت و ئیدی لێرەوە هەر تاقمێک گەشتی پەرەسەندنیی خۆیان دەست پێ بکەن. ئەمە لە کاتێكدا، کە شیردەرە ئاوەکی و باڵندەکان-بە نموونەی دۆلفین و شەمشەمەکوێرە- لە ژینگەکانیاندا بەربەستی سرووشتیی کەمتر هەن.”
نووسەر ئاوا بەردەوام بوو: “ئەم لێکۆڵینەوەیە، لەوەی کۆڵیوەتەوە، کە داخۆ دەکرێت ژێر-چەشن وەک قۆناغێکی سەرەتاییی چەشناندن-درووستبوونی چەشنی نوێ- تەماشا بکرێت یاخوود نا. وەڵامەکە بەڵێ بوو. بەڵام پەرەسەندن، لە هەموو تاقمەکاندا، بە هەمان هۆکار دیاری ناکرێت؛ وا بۆ یەکەمین جاریشە تێ دەگەین بۆچی! ئاخر بۆ یەکەمین جارە سرنجمان لە بەهێزیی پەیوەندیی نێوان دەوڵەمەندیی چەشنی و دەوڵەمەندیی ژێر-چەشنی تیژ کردووەتەوە.”
قووڵتر بوویەوە: “مۆدێلە پەرەسەندنییەکانی ئێستامان، دەتوانن ئەم دۆزینەوە نوێیانە دەکار بهێنن، بۆ ئەوەی بزانن داخۆ چالاکییە مرۆییەکانی چەشنی داربڕینەوە و ڕووتەڵەکردنەوەی دارستانەکان، لە ڕێگەی تێکدانی ژینواری چەشنەکانەوە، چۆنهایی کاریگەری لەسەر پەرەسەندن دادەنێت. هەڵبەت کاریگەریی ئەمە لەسەر ئاژەڵەکان، بە جیاوازیی توانای جووڵەیان، یاخوود توانای کۆچکردنیان، دەگۆڕێت. هەڵبەت زۆر جاران لەم چالاکییانەدا، ژێر-چەشنەکان فەرامۆش دەکرێن، وەلێ ئەوان ڕۆڵێکی تەوەرەیی لە داینامیکی پەرەسەندنی لە داهاتوودا، دەگێڕن.”
ئەم دۆزینەوەیە تێبینییەکی ترمان لەسەر کاریگەریی مرۆڤ بەسەر ئاژەڵانەوە پێ دەدات، ئەوەمان پێ دەڵێت، کە چالاکییەکانی مرۆڤ نەک هەر کاریگەری لەسەر ئێستای ئاژەڵاکان دادەنێت، بەڵکوو کاریگەری دەخاتە سەر پەرەسەندنیان لە داهاتووشدا. پارێزوانەکان دەتوانن ئەم داتایە بەکار بهێنن، بۆ ئەوەی بزانن کە پێویستە سرنجی کارەکانیان لە چ گۆشەیەکدا تیژ بکەنەوە.

دەوڵەمەندیی چەشنی: ژمارەی چەشنە جیاوازەکان، کە لە ژینگەیەکی دیاریکراودا دەژین. گرنگیی بە ژمارەی خودی هەر چەشنێک بە جیا، نادات.
داینامیکی پەرەسەندنی: بریتییە لە لێکۆڵینەوەی ڕێسا ماتماتیکییەکان، کە لە ڕێگەیانەوە زیندەوەرە زیندەییەکان، هەروەتر، هزرە کولتوورییەکان لە ڕێگەیانەوە پەریان سەندووە و پەرە دەسێنن.

فەرهەنگۆک:
ژینوار: شوێنی ژیانی زیندەوەر؛ Habitat
چەشناندن: Speciation
چەشن: جۆرێکی ئاژەڵی، وەکوو گۆرێلا، کۆترەشینکە…تاد. Species
ژێر-چەشن: تاقمێکی تایبەت لەنێو خودی چەشنێکدا.

ئامادەکردن: شەنیار جەلال

ژێدەر:

Scientists proved Charles Darwin’s theories of evolution for the first time

3 comments

  1. دەستان خۆش بێ هاوڕێیان، کارتان جوان و بەنرخە. بژین

  2. سپاس بۆ نوسراوەکە. سەرنجڕاکێش بوو.
    بەس شتێک لە تێنەگەییشتم ئەوەیە کە ئایا ژێر چەشن بۆخۆی و بە بێ کاریگەری فاکتۆرەکانی کە وەک جیایی سروشتی ئەتوانێ ببێ بە هۆی ساز بوونی چەشنێکی نوێ؟

    1. سڵاو هاوڕێ گیان، سوپاس بۆ پەسنی خاست.

      نا ئازیز، ئەگەر ورد ببیتەوە، جەخت دەکاتەوە لەسەر جیاوازیی ژینگەی زیندەوەرە وشکانییەکان، لە بەرانبەر فڕندە و ئاوییەکان. ئەمە شتێکە لە پەرەسەندندا پێی دەوترێت دابڕان-isolation، کە بۆ لەدایکبوونی چەشنی نوێ زۆر گرنگە. بۆ نموونە: فاکتەرێکی گرنگیان بە نموونە هێناوەتەوە، کە ئەویش بوونی زنجیرەچیایە. ئەم زنجیرە چیایە دەتوانێت دەستەیەک گیانلەبەرانی هەمان چەشن، لەوانی تری هەمان چەشن داببڕێنێت. ئیدی کە پەیوەندییان نەما، لەتەک ژینگەی تازەیاندا خۆیان دەگونجێنن، بە تێپەڕبوونی کات و فاکتەرە پەرەسەندنییەکانی دی، ئەوەندە جیاواز دەبن، کە ئیدی ناتوانین پێیان بڵێین هەمان چەشن.

      هیوامە وەڵامت چنگ کەوتبێت.