بابەتزانستە بنەماییەکان

شەبەقە درەوشەدارەکان لە شەوی نوقمبوونی پاپۆڕی تایتانیکدا دیتراون

پاپۆڕی تایتانیک، ڕۆژی ١٤ی ئەپریلی ساڵی ۱۹۱۲ی زایینی لە ئینگلیزەوە بەرەو نیۆیۆرک وەڕێ کەوت و کاتژمێر ″٢٣:٤٠″ی شەو لە ئەقیانووسی ئەتڵانتیک بەر کێوێکی سەهۆڵین کەوت.

زانایان لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاماژەیان بە گەردەلوولە جیۆموگناتیسییەکان کردووە کە دەکرێ لە سیستەمی پێوەندیی پاپۆڕی تایتانیکدا کێشە و گرفتیان ساز کردبێت و بەم هۆیەوە بەر بە فریاکەوتن و پاراستنی گیانی گەشتیارانیان گرتبێت و لەکۆتاییدا بوونەتە هۆی ئەو کارەساتە کە زیاتر لە ١٥٠٠ گەشتیار کوژران.

(میلا زینکۆڤا) وێنەگر و توێژەری سەربەخۆ دەڵێت: ″ بە وتەی شایەتحاڵان، شەبەقە باکوورییەکانی ئەو شەوە زۆر بەهێز بوون.″

شەبەقە باکوورییەکان کاتێک دروست دەبن کە شەپۆلگەلێک بریتی لە گازە ئەلەکترییەکانی خۆرەبا فڕێ دەدرێن و ئاراستەی زەوی دەکرێن. دواتر وزە و تەنۆلکەگەلێک کە هەڵگری بارگەی کارەبایین وەبەر بەرگەهەوای زەوی دەکەون، لەگەل گازەکانی بەرگەهەوادا کاردانەوەیان دەبێت و ڕووناکییەکی درەوشەدار دەنەخشێنن.
هەروەها ئەم تەنۆلکەگەلە دەتوانن لە سیگناڵە ئەلەکتریکی و موگناتیسییەکاندا کێشە دروست بکەن و لەرەلەر و شەپۆل ساز بکەن.
خۆرەبایەکی بەهێز کە دەبێتە هۆی شەبەق، لەوانەیە لە قیبلەنما و پێوەندییە بێتەلەکانی تایتانیک و پاپۆڕەکانی دیکەشدا کێشەی دروست کردووە و بووەتە بەربەستێک کە پێوەندییان پێوە نەگیردرێت و کەس فریایان نەکەوێت.

تەنۆلکە بارگاوییەکان لەوانەیە لە قیبلەنمای پاپۆڕەکە کێشەیان دروست کردووە چونکە تەنیا لادانێکی ٠.٥ پلەیی پێویست بوو تاکوو پاپوڕەکە لە ڕێگەی خۆی بچێتەدەر و بەر کێوە سەهۆڵینەکە بکەوێت.

هەروەها لە ڕاپۆرتی فەرمیی نوقمبوونی تایتانیکدا نووسراوە کە هۆگرانی ناشارەزای ڕادیۆ بە قەرەباڵغکردن و بەستنی شەپۆلە هەواییەکان، ڕێگرییان کردووە لەوەی کە سیگناڵە بەپەلەکانی تایتانیک بگاتە پاپۆڕەکانی دیکە.

وەرگێڕ: هێمن محەمەدیان
سەرچاوە:
https://www.livescience.com/titanic-sunk-by-aurora.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button