بابەتتەندروستی

نهێنیی تینوێتی

پرسیار: کەسێکی ئاسایی لە ڕۆژێکدا دەبێت چەند لێوان ئاو بخواتەوە؟

ڕەنگە بیستبێتتان: ٨ لێوان. بەڵام ئەم وەڵامە پشتبەستوو بە بەڵگەیەکی زانستی نییە! لە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا کرا هیچ وەڵامێکی متمانەپێکراو بۆ ئەو پرسیارە نەدۆزرایەوە.

وەڵامی ئەو پرسیارە پەیوەستە بە هەندێک خاڵی ترەوە؛ وەک: ئاخۆ لە شوێنێکی گەرمدایت؟ چەندە چالاکیت هەیە؟ ئاخۆ لە دۆخێکی تەندروستدایت؟ تەمەنت چەندە؟ خواردنی سوێر دەخۆیت یان میوە و سەوزە؟

برێندا ئێم دەیڤی، مامۆستای خۆراکی مرۆڤ لە پەیمانگەی پۆلیتەکنیکی ڤێرجینیاوە، دەڵێت: «ئێمە هەموو ڕۆژێک پێویستمان بە ئاو هەیە بەڵام کەسێکی ئاسایی لە چەند سەرچاوەوە، ئاوی لەشی دابین دەکات: چا یان قاوە، خواردنەوە گازییەکان و چێشتەکان؛ کە ٢٠٪ی ئاوی پێویستی لەشمان لە چێشتە وشکەکان بە دەست دێت و ٨٠٪ی تری لە خواردنەوەکان».

لەشی گەورەساڵان بۆ پاراستنی هاوسەنگیی نێوان ئاو و کانزا و خوێ بۆ هەر ١٠٠٠ کیلۆ کالۆری پێویستی بە یەک لیتر ئاو هەیە. هەبوونی میکانیزمە سروشتییەکانی تینوێتی هۆکارێکە بۆ ئەوی کە نایەوێت هێندە نیگەرانی وشکبوونەوەی لەشمان بین (دێهیدراتەبوون).

لەشی گەورەساڵان لە سەدا ٦٠ی ئاوە و نزیکەی لە سەدا ٨٠ی لە سییەکان و گورچیلەکاندایە و لە لەشدا بەوردی و بەچڕی چاوەدێریی ئاو دەکەن.

وشکبوونی قوڕگ یەکێکە لە نیشانەکانی تینوێتی. بێنگت ئەندەرسۆن، فیزیۆلۆژیستی سویدی لە زنجیرە توێژینەوەیەکدا کە تێیدا خوێی کردبووە (تزریق) نێو مێشکی بزنەکانەوە؛ نیشانی دا، ناوچەیەک لە مێشکدا هەیە کە پێی دەگوترێت «SFO»؛ کە چاوەدێریی چڕیی ئاو و خوێ لە خوێندا دەکات و حەزی خواردنەوەی ئاو لە ئێمەدا دروست دەکات.

SFO لە مرۆڤەکانیشدا هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت، بەڵام بیرۆکەکانی ئەندەرسۆن نەیدەتوانی بەتەواوی بیسەلمێنێ کە ئێمە چۆن هەست بە تینوێتی دەکەین!؟ کاتێک کە ئاو دەخۆینەوە، لە هەمان کاتدا هەست دەکەین تینوێتیمان شکاوە.

بەڵام پڕۆسەی گواستنەوەی ئاو، ١٠ تا ١٥ خولەکی پێ دەچێت تا لە ڕێگەی کۆئەندامی هەرسەوە بڕواتە نێو خوێن. کریستۆفەر زیمەرمەن، زانای دەمار لە زانکۆی پرینستۆن، دەڵێت: «شتێک لە مێشکی ئێمەدایە کە دەڵێت لەوانەیە خوێن هێشتا بارودۆخەکەی نەگۆڕابێت بەڵام ئاوی پێویستت خواردووەتەوە بۆ ئەوەی کە چیتر هەست بە تینوێتی نەکەیت.» لە زنجیرە توێژینەوەیەکدا لەسەر مشکەکان، زیمەرمەن و تیمەکەی، لە SFOدا چالاکیی نۆرۆنەکانیان پێوا.

زیمەرمەن گوتی: «ئێمە بینیمان چالاکیی نۆرۆنەکان زۆر بەخێرایی گۆڕدرا کاتێ کە مشکێک ئاو یان ئاوی سوێری دەخواردەوە یان کاتێک خواردنی دەخوارد!» توێژەران دەریانخست که ئەم سیگناڵانەی لە SFOدا کۆ دەبنەوە، لە چەند شوێنەوە دێن. ئێوە سیگناڵێک لە خوێنتانەوە وەردەگرن کە دۆخی ئێستای ئاودانتان (هایدرەیشین) پێ دەڵێت.

سیگناڵێک لە دەمەوە کە چەندە شلەمەنیتان خواردووە و سیگناڵێک لە ڕیخۆڵەتانەوە دەڵێت ئەوەی کە خواردووتانەتەوە، ئاخۆ ئاو بوو یان شتێکی تر؟ توێژەران دەڵێن نۆرۆنەکانی SFO سیگناڵەکان پێکەوە کۆ دەکەنەوە و پاشان هانمان دەدەن بۆ خواردنەوەی ئاو یان دەستهەڵگرتن لە خواردنەوەی. گرنگترین بەشی توێژینەوەکەی زیمەرمەن ئەوە بوو کە لە زۆربەی کاتەکاندا دەتوانن متمانە بە سیستمی تینوێتی بکەن تاوەکوو بزانن کەی پێویستتان بە ئاو هەیە!؟

ئەمەش پێچەوانەی ئەو ئامۆژگارییە هەڕەمەکییانەیە کە پێمان دەڵێن! بەڵام هەموو کات وا نییە! چونکە هەستیاریی سیستمی تینوێتی، بەپێی تەمەن کەم دەبێتەوە. بەساڵاچووان لەوانەیە بۆ خواردنەوەی ئاو پێویستیان بەبیرهێنانەوە بێت.

توێژینەوەی ساڵی ٢٠١٣ دەریخست کە مامناوەند، ئەو کەسانەی تەمەنیان سەرووی ٧٠ ساڵ بووە نەیانتوانیوە ئاوی پێویست بخۆنەوە. کەسانێک کە لە دۆخێکی تایبەتدان وەک ئەوانەی کە بەردی گورچیلەیان هەیە یان ئەوانەی کە تووشی سکچوون بوون ئاوی زیاتریان پێویستە.

توێژینەوەی دەیڤی و هاوکارانی، دەریخست کەسانی گەورەساڵ یان ئەوانەی کە تەمەنیان لە سەرەوەیە و دەیانەوێت کێشیان بپارێزن یان دایبەزێنن، ئەگەر پێش خواردنی ژەمەکان ١٦ ئۆنس ئاو (نیو لیتر) بخۆنەوە، کالۆریی کەمتر بەکار دێنن.

وەرگێڕ: سەعیدە دەیهیم

چاودێری زمانی: فەرشاد نەبیزادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button