زانستنامە

سەمپۆزیۆمی توێژینەوەی زمانەکانی زانکۆی مەکگیلی کەنەدا

سەمپۆزیۆمی توێژینەوەی زمانەکانی زانکۆی مەکگیلی کەنەدا لە ڕۆژانی ٩، ١٠ و ١١ی نۆڤەمبەر بە میوانداریی دکتۆر ئەمیر کەلان بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زمان و ئەدەبی مۆزاییک لە بەشی پەروەردە لە زانکۆی مەکگیل بەڕێوە چوو.

ئەم سەمپۆزیۆمە بریتی بوو لە پێج پەنێڵ:
–توێژینەوە زمانەوانییە مرۆڤ-سەنتەرییەکان
–نەبیستەکانی ئێران، زمان، کۆمەڵگە و شوناس
–زمانی کوردی، بارودۆخ، هەڕەشەکان و ئاسۆکان
–تورکەکانی ئێران: خوێندن، ئاسیمیلاسیۆن و بەرگریکردن (بەرخۆدان)
–ناوەندە ئەدەبییەکان، دەسەڵات و ڕەگەز

لە ڕۆژی دووەمی سەمپۆزیۆمەکەدا پەنێڵی کوردی بە بەشداریی پڕۆفیسۆر شێخولئیسلامی، دکتۆر چەمەنارا و ئانیسا جەعفەریمێهر بەڕێوە چوو.

پ. شێخولئیسلامی، مامۆستای زانکۆی کارلێتۆنی کەنەدا باسی ئایدۆلۆژییە زمانییەکان دەکات کە چۆن دەسەڵات لەم ئایدۆلۆژییانە بۆ بەڕێوبردنی سیاسەتەکانی خۆی لە پەروەردە و سۆشڵ میدیاکاندا کەڵکیان لێ وەردەگرێت.
هۆی زاڵبوونی زمانێک بەسەر زمانەکانی دیکەدا چییە؟ ئایا هەموو زمانێک توانای گەشەکردنی لە بوارە زانستییەکاندا هەیە؟ ئایا دەکرێت ئایدۆلۆژییە زمانییەکان هەڵبوەشێنرێتەوە؟

دەتوانن وەڵامی ئەم پرسیارانە لەم لێدوانەدا ببینن:

د. چەمەنارا، مامۆستای زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان باسی یەکێک لە توێژینەوەکانی خۆی دەکات بە ناوی «خۆپێناسەکردن و ئاماژە زمانییەکان لە وێژەی گوورانیدا». «گوورانی» وەکوو نەریتێکی ئەدەبی یان وەکوو چەشنێک لە چەشنەکانی زمانی کوردی و هەروەها زمانێکی سەربەخۆ لە کوردی باس کراوە کە د. چەمەنارا، لەسەر پرسیاری ئەم توێژینەوەیە کە «خۆ» و «زمانی خۆ» چۆن لە دەقەکاندا دەردەکەون، وتووێژ دەکات

ئانیسا جەعفەریمێهر، کارناسی باڵای زمانناسیی زانکۆی کوردستان باسی «سیاسەت زوانی لە زوانەیل لەپەراوێزخریای» دەکات.
خاتوو ئانیسا پێی وایە هیچ کۆمەڵگەیەک لە بواری سروشتییەوە «یەکزمانی» نییە و ئاماژە دەکات کە زمانەکان لەنێو خۆیاندا هیچ دژایەتییەکیان نییە و چەمکێک بە ناوی زمانی سەردەست و بندەست بوونی نییە، بەڵکوو دەسەڵاتە کە ئایدۆلۆژییە زمانییەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت.


نووسەر: سەعیدە دەیهیم
چاودێری زمانی: سەیران حسەینی

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button