بابەتتەندروستی

کایە ڤیدیۆییەکان و وەرزش؛ بەهێزکردنی توانای ناسینی و باشترکردنی تەندروستیی دەروونی

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە کایە ڤیدیۆییەکان توانای ناسینیی¹ مرۆڤ بەهێز دەکەن، لە کاتێکدا وەرزش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستیی دەروونی² هەیە. توێژینەوەکە دەڵێت ئەو کەسانەی کە ۵ کاتژمێر لە حەفتەیەکدا کایەی ڤیدیۆیی دەکەن، لە تاقیکردنەوە ناسینییەکاندا، کارکردیان وەک کەسانێکە کە ١٣ ساڵ لە خۆیان گەنجترن.
لە بەرانبەردا، نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لەو کەسانەی کە بە لایەنی کەمەوە ۱۵۰ خولەک لە حەفتەدا وەرزش دەکەن، کەمتر بەدی دەکرێت.

دەرەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە، جیاوازیگەلێکی گرینگ لە نێوان کاریگەریی کایە ڤیدیۆییەکان و وەرزش لەسەر توانای ناسینی و تەندروستیی دەروونی ئاشکرا دەکات. کایە ڤیدیۆییەکان کارکردە ناسینییەکان وەک بیرەوەری و سەرنج بەهێز دەکەن، بەڵام کاریگەرییان لەسەر باشترکردنی تەندروستیی دەروونی نییە. لە بەرانبەردا وەرزش، بەتایبەتی لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکیدا کاریگەرە، بەڵام گۆڕانکارییەکی تایبەت لە توانای ناسینی مرۆڤ دروست ناکات.
ئەم دەرەنجامانە دەتوانن ڕێنماییەکی بەنرخ بۆ هەڵبژاردنی ئەو چالاکییانە بن کە یارمەتیی پاراستنی تەندروستیی مێشک و دەروونی مرۆڤ دەدەن.

کورد دەڵێ هەموو شتێک بە خوێ و خوێش بە مەعنا، هەر بۆیە دەبێ ئاگادار بین کە زێدەڕۆیی لە ئەنجامدانی هەرکام لەو دوو چالاکییە، واتە وەرزش و کایە ڤیدیۆییەکان، تەندروستیی مێشک و لەش و دەروون دەخاتە مەترسی و پێویستە بە چەشنێکی هاوسەنگ و بەجێ ئەنجام بدرێن تاکوو سوودبەخش بن و نەبنە خەسار.

۱: توانای ناسینی(Cognitive Ability)
توانای ناسینی بریتییە لەو لێهاتووییانەی کە مێشک بۆ ئەنجامدانی ئەرکە سەرەکییەکانی ڕۆژانە وەک بیرکردنەوە، فێربوون، خوێندنەوە، بیرهێنانەوە، قسەکردن، گوێگرتن و سەرنجدان، بەکاری دەهێنێت.

۲: تەندروستیی دەروونی(Mental Health)
تەندروستیی دەروونی ئەو حاڵەتەیە کە لەودا مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ زەخت و سترێسەکانی ژیان خۆی بگونجێنێت، بە چەشنێکی بەرهەمدار کار بکات و بە شێوەیەکی ئەرێنێ لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگە هەڵسوکەوتی هەبێت.

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button