بابەتتەکنەلۆجیا

بەرەی داهاتووی تەلەسکۆپەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ بەدوای شارستانییەتە ژیرەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆردا بگەڕێن.

ئێمە ئێستا لە سەرەتای ڕێگەی گەڕان بەدوای ژیان لە دەرەوەی زەویداین. گەڕۆکی بەرخۆدان (Perseverance) ئێستا خەریکی گەڕان بەدوای بەردینەی ژیانی بەکتریاییە کەونارەکانە لەسەر هەسارەی بارام (مەریخ). “سێتی” سێڵەکانی بەرەو قووڵایی ئاسمان گرتووە و گوێ لە سیگناڵە ڕادیۆییەکانی دوورترین مەوداکان دەگرێت. تەلەسکۆپەکانی ئێمە دەستیان بە پشکنینی بەرگەهەوای هەسارە دەرەکییەکان کردووە و لە نیشانەکانی ژیان دەگەڕێن.

بەم زووانە پاش وەگەڕکەوتنی تەلەسکۆپە بەهێزە نوێیەکان دەتوانین نەتەنیا لە خودی ژیانی دەرەکی بەڵکوو بەدوای شارستانییەتی دەرەکیشدا بگەڕێین.

گەڕان بەدوای سەرەداوەکان بۆ بوونی ژیان لە هەسارە و مانگەکانی تر ڕوو لە زیادبوونە. ئەگەر ئەم سەرەداوانە لە بەرگەهەوای هەسارەیەکدا بدۆزرێنەوە (نیشانەگەلێک وەک بوونی مێتان، نیترۆژن ئۆکسایدەکان و کۆمەڵێک پاژی کیمیایی تر)، دەکرێت ئەو کات بە گریمانەی بوونی ژیان لەو هەسارەیەدا توێژینەوە بکرێت؛ بەڵام بۆ بوونی شارستانییەتی ژیر پێویستە لە سەرەداوە تەکنەلۆجیکییە ئاستبەرزەکان بگەڕێین. تەنیا کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی ژیر دەتوانێت سەرەداوی تەکنەلۆجیکی بەدی بهێنێت.

ڕووناکایی گەورە شارەکان، پاژی کیمیایی تایبەت لە بەرگەهەوا و سووڕانەوەی هەسارەسووڕە دەستکردەکان (مانگۆڵە دەستکردەکان) کە بە دەوری هەسارەیەکدا دەسووڕێنەوە، دەتوانن پیشاندەری بوونی شارستانییەتی ژیر لە هەسارەیەکدا بن.

گۆی دایسۆن، لەوانەیە باپیرە گەورەی هەموو سەرەداوە تەکنیکییەکان بێت. گۆی دایسۆن، مەزنە پێکهاتەیەکی گریمانەییە کە دەورەی ئەستێرەیەکی داوە و گشت وزەی ئەو ئەستێرەیە کۆ دەکاتەوە. گریمانە کراوە کە لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەتێک، پێداویستیی وزەی ئەو کۆمەڵگەیە بەرز دەبێتەوە و بۆ دابینکردنی ئەو وزەیە گۆیەک بە دەورەی ئەستێرەی کۆمەڵەی ئەستێرەیی خۆیاندا دەکێشن و گشت وزەی بەرهەمهاتووی ئەو ئەستێرەیە کۆ دەکەنەوە.

لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەکادیمیای نەتەوەیی زانستەکان پێداچوونەوەی دە ساڵانەی خۆی لەسەر توێژینەوە ئەستێرەناسییەکان و ئەستێرەفیزیکییەکان بە ناوی “ئەسترۆ٢٠٢٠” بڵاو کردووەتەوە. تاقمێک لە ناسا گوتارێکیان لەم پێداچوونەوەیەدا بڵاو کردووەتەوە کە بەشی سەرەداوە تەکنیکییەکان دەکۆڵێتەوە.

گوتارەکە دەڵێت: سەرەداوە تەکنیکییەکان بە هەر چەشنە دیاردەیەکی بەرچاوی تەکنەلۆجیی دەرەوەی زەوی ئاماژە دەکات و گەڕان بە دوای سەرەداوە تەکنیکییەکان بەشێک لە گەڕانی بەردەوام بەدوای سەرەداوە ژیانییەکان لە دەرەوەی زەوییە.

نووسەرانی ئەم پێداچوونەوەیە بڕوایان وایە بوونی پیسکەرە پیشەییەکان لە بەرگەهەوای هەسارەکاندا دەتوانێت نیشانەی بوونی شارستانییەتی ژیر لەو هەسارەگەلەدا بێت کە دەتوانن هەڵگری ژیان بن.

وشەکان:
Rover: گەڕۆک
Perseverance: بەرخۆدان
Mars: بارام، مەریخ
Intelligent civilization: شارستانییەتی ژیر، ژیواری ژیر
fossil: فۆسیل، بەردینە
SETI: سێتی
Dish: سێڵ
exoplanet: هەسارەی دەرەکی
biosignatures: سەرەداوی ژیان
nitrous oxide: نیترۆژن ئۆکسایدەکان
chemical compound: پاژی کیمیایی
technosignatures: سەرەداوی تەکنەلۆجیکی
satellite: هەسارەسووڕ، مانگۆڵە
orbiting: خولانەوە
Dyson Sphere: گۆی دایسۆن
hypothetical: گریمانەیی
megastructure: مەزنە پێکهاتە
National Academies of Sciences: ئەکادیمیای نەتەوەیی زانستەکان
Astronomy: ئەستێرەناسی
Astrophysics: ئەستێرەفیزیک، فیزیکی ئەستێرەکان
Astro2020: ئەسترۆ٢٠٢٠
Extraterrestrial technology:
تەکنەلۆجیی دەرەکی لە زەوی (سەرووزەوی، دەرووزەوی، دەرەوەی زەوی)
Astrobiological: زیندەوەرناسیی ئەستێرەیی
Industrial pollution: پیسکەری پیشەیی

وەرگێڕ: فاڕووق ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button