کیمیازانان بە کەڵکوەرگرتن لە بامیە ڕێگەیەکیان بۆ ئاوارتنی میکڕۆپلاستیکەکان بەدی هێناوە.
زانایان دەڵێن خۆشاوی بامیە و گیا لیچقەکانی دیکە کە لە چێشتلێناندا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت دەتوانن بۆ ئاوارتنی میکڕۆپلاستیکگەلی مەترسیداری ناو ئاوەڕۆکان بەکەڵک بن.
ئەم ڕێکارە دەتوانێت جێگرەوەیەکی باش بێت بۆ ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان کە بە مەبەستی ئاوارتنی میکڕۆپلاستیکەکان دەڕژێنرێنە ناو ئاوەڕۆکان.
بامیە وەک بەشێک بۆ خەستکردنەوە لە زۆر چێشتدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت. پێشتر لێکۆڵەری ئەم گوتارە بامیەی وەک ئاوارتێنی پیسکەرە ڕیسییەکان و تەنانەت میکڕۆئۆرگانیسمەکان تاقی کردبووەوە و ئێستا ئەم ڕێکارەی بۆ ئاوارتنی میکڕۆپلاستیکەکان تاقی کردووەتەوە.
سەرچاوەی میکڕۆپلاستیکەکانی ئاوەڕۆکان گریمانە دەکرێت ٨ ملیۆن تۆن پلاستیکێک بێت کە لە ساڵی ١٩٥٠وە تاکوو ئێستا بەرهەم هاتووە و تەنیا ١٠٪ گەڕێنراوەتەوە. پاشماوەی ئەم پلاستیکانە هێدی هێدی دەپڕووکێن و ئێستاکە لە هەر کونج و قوژبنێکی زەویدا لە زەریا و چۆمەکانەوە بگرە تا خواردەمەنییەکان و خۆڵ و هتد بەدی دەکرێن. ئەم میکڕۆپلاستیکانە دەتوانن بۆ تەندروستیی مرۆڤ مەترسیساز بن و ببنە هۆی شێرپەنجە و گۆڕانی دی ئێن ئەی.
ئاوارتنی میکڕۆپلاستیکەکان لە ئاوەڕۆ، لە دوو کەرتدا داڕێژراوە:
١- بە یارمەتیی ڕاماڵینی ئەو میکڕۆپلاستیکانەی لەسەر ئاو مەلەوەرن.
٢- بە زیادکردنی ماددەگەلێک وەک “پۆلیئەکریلامید” کە گەردیلە بچووکەکانی میکڕۆپلاستیکەکان پێکەوە دەنووسێنێت و کڵۆی بەدیهاتوو لە میکڕۆپلاستیکەکان ڕۆ دەنیشێت.
ئەم توێژەرانە سەلماندوویانە کە “پۆلیساکاراید”ەکانی بامیە لەگەڵ شەمێلە زۆر باش دەتوانن میکڕۆپلاستیکەکانی ئاوی پاناوەکان ئاوارتە بکەن، بەڵام بۆ ئاوی شیرن پۆلیساکارایدەکانی بامیە و تەمری هیندی باشترن.
وشەکان:
okra: بامیە
slimy: لیچق
wastwater: ئاوەڕۆ
remove: ئاوارتن
microorganism: میکڕۆئۆرگانیسم
microplastic: میکڕۆپلاستیک
polyacrylamide: پۆلیئەکریلامید
polysaccharide: پۆلیساکاراید
fenugreek: شەمێلە
tamarind: تەمری هیندی
extract: خۆشاو
textile-based pollutants: پیسکەرە ڕیسییەکان
وەرگێڕان: فاڕووق ئەحمەدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە