بابەتتەندروستی

لایەنەکانی تەندروستیی دەروونی لە هەمبەر کۆرۆنادا

ڤایرۆسی دنیاگرەوەی کۆرۆنا قەیرانێکی بێوێنەی خولقاندووە و خەڵکی لە بواری دەروونییەوە تووشی زەحمەت کردووە. کاتێک مرۆڤ تووشی قەیران دەبێت یان شایەتحاڵی ڕووداوگەلێک وەکوو کارەساتی سروشتی یان کیمیایی، پێکدادانی بەزەبری سەیارە، هێرشە تیرۆریستییەکان یان شەڕ دەبێت، کار دەکاتە سەر بواری دەروونیی ئەو کەسانە و تێکیان دەدات. دەرئەنجامی ئەو ڕووداوانە، زۆرینەی خەڵک تووشی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و نیشانەکانی نەخۆشیی سایکۆسۆماتیکییەکان دەبن. مرۆڤەکان بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو بابەتە تێکەڵ بن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییە دەروونییەکان هەیە. نیشانەکان دەتوانن بە هۆی دیتنی ڕووداوە دڵتەزێنەکان، یارمەتیی قوربانی و بەجێماوانی دۆخە سەختەکان یان خود ترسان لەوەی کە ئەو ڕووداوانە بۆ ماڵبات یان ‌هاوڕێکانمان بقەومێن، دەردەکەون. کارەساتی کۆرۆنا تا ڕادەیەک بۆی ڕوون کردینەوە کە دۆخە کارەساتبارەکان چۆن دروست دەبن. ئەو کەسانەی لە بواری تەندروستیی دەروونیشەوە کێشەیان نییە، لە دۆخی ئاوا چاوەڕواننەکراودا تێکدەشکێن. هەندێ کەس تووشی شۆک دێن. دواتر زۆر کەس و بەتایبەت سێلیبریتییەکان، سیاسەتوانان و سەرۆک حکوومەتەکان، قەیرانی لەم چەشنە بە هەند وەرناگرن و سەرکوتی دەکەن. لەبەر کەمتەرخەمی و دانەڕشتنی سیاسەتێکی ئەوتۆ بۆ خۆپارێزی، قەیران دەتوانێت زۆر کارەساتبار بێت.

بڵاوبوونەوەی لە ڕادەبەدەری ئەو ڤایرۆسە مەرگهێنەرە و هەڵکشانی ڕێژەی تووشبووان، ناڕوونبوونی هەڵسوکەوت و نەبوونی پێکوتە و دەرمانگەلی پێویست و هەروەها بەردەستنەبوونی کەلوپەلی خۆپارێزی وەکوو دەستەوانە و دەمامک کاری کردووەتە سەر متمانەی خەڵکی بەرانبەر بە  سیستەمی تەندروستی و لە چەند وڵات ئاڵۆزیی ناوەتەوە. بێئارامی، گوشاری ڕۆحی، هەستی تووڕەبوون و بێهانا مانەوە؛ نیشانەگەلی نەخۆشییەکانی سایکۆسۆماتیک وەکوو خەمۆکی و کێشەکانی خەونن. “کۆرۆنافۆبیا” (ترسی لە ڕادەبەدەر لە تووشبوون بە کۆرۆنا) وشەیەکی شیاوە بۆ ئەو پۆلێنبەندییە.

بە لەبەرچاوگرتنی لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر ئەنفلۆنزای A و ڤایرۆسی ئیبۆلا دەرکەوتووە، نەخۆشییە هەمووگرەوەکان کار دەکەنە سەر بواری تەندروستیی دەروونیی خەڵک. ئاڵنگاریی ئەوە دەکرێت کە لە بوارەکانی پزیشکیی دەروونی، دەروونناسی، دەرمانی دەروونناسانە، دەرمانناسی  و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی چارەسەری پشتبەستوو بە بەڵگە زیاد ببێت تاکوو گیانی خەڵک نەکەوێتە مەترسییەوە. لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانین بە دڵنیایی پێی لێ بنێین کە چارەسەرییەکانی دەروونپزیشکی و دەروونناسی زۆر پێویستن. بۆ نموونە لە پارێزگای سیشوانی چین کاتێک قەیرانی کۆرۆنا تەواو بوو ٢٠٪ی خەڵکی تووشی نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی ببوون کە ناچار بوون سەردانی نەخۆشخانە بکەن تاکوو لەوێ چارەسەریان بۆ بکرێت یان لەوێ بمێننەوە.

بە گشتی هەبوونی پەیوەندیی بەپێز لەگەڵ هاوکاران و خەڵکی تر، ڕێژەی دڵەڕاوکێ دادەبەزێنێت و باشتر دەتوانین دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین. دەرمانی دەروونناسانە دەبێت لەگەڵ کەسایەتیی  مرۆڤ و چۆنیەتیی بواری کارەساتەکە بگونجێت. کاتێک کەسانێک تووشی کۆرۆنا دەبن و بە ویستی خۆیان نایانهەوێت دابڕ بکرێن ئەو بارە قورستر دەبێت. دەزانین دەرمانی تایبەت بە کۆرۆنا نییە و چارەسەرە دەروونی و جڤاکییەکانیش زۆر لاوازن. چارەسەرە دەروونناسییەکان بریتین لە چارەسەریی تاک و بەکۆمەڵ، ڕاوێژکاری و پاڵپشتیی ژیانی ڕۆژانە. بۆ ئەوەی کە پێشنیارەکان بتوانن چاکتر لە خزمەتی خەڵکدا بن دەبێت دەروونپزیشکەکان، دەروونناسان، پزیشکەکانی خێزان و چالاکانی کۆمەڵگە و هەموو کەسانی شارەزا، پسپۆڕایتییەکان بگۆازنەوە بۆ “کلینیکی تەلەفۆنی” یان بە شێوەی سەرهێڵ یارمەتیی خەڵک بدەن. بەو شێوەیە چارەسەری ناوەستێت و دەتوانرێت لە بارودۆخی بەپەلە و قەیراناویشدا درێژەی هەبێت. بۆ گەێشتن بەو ئامانجە دەبێت شێوازەکانی فێربوون و فێرکاری بە نێوئاخنیی هێڵی ئەنتەرنێت نۆژەن بکرێتەوە کە زۆر لە جاران زیاتر پێویستە. خۆگونجاندن لەگەڵ ڕاهێنان و بارهێنانی سەرهیڵ دەبێت بسەپێت. زۆر لێکۆڵینەوە لەسەر بەسوودبوونی چارەسەری دەروونی و پزیشکی لە ڕێگەی نێتەوە تۆمار کراوە. بە ئەزموونوەرگرتن لەو قەیرانە دەتوانین خۆمان بەهێزتر بکەین بۆ دۆخی دژوارتر لە داهاتوودا. لە تەواوی دەروونناسان و دەروونپزیشکان و چالاکانی بواری تەندروستیی دەروونی داوا کراوە، گریمانە و هەڵوێستی نوێ بهێننە کایەوە. بەو شێوەیە دەتوانین وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی خەڵک بین.

وشەکان:
Nervous tension:گوشاری ڕۆحی
psychology: دەروونناسی، دەروونزانی
psychosocial intervention: پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی
Psychiatry: پزیشکیی دەروونی

ئامادەکردن: ئەمیر عەبدوڵڵاپوور
پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی

سەرچاوە:
Mental Health Aspects in Dealing with COVID-19. Anxiety And Depression Journal. 2020; 3(1):123.

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button