Close

تاوەکوو ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە کە هەندێک کەس هەرچیش بخۆن بە هیچ شێوەیەک قەڵەو نابن؟ هەندێک کەسیش هیچ نەخۆن بۆ هەر قەڵەو دەبن؟

 

بۆماوەزانان بەگشتی لەو بازدانە جینەتیکییانە دەگەڕێن کە دەبنە هۆکاری نەخۆشی، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت مرۆڤەکان هەڵگری هەندێ جۆری بڕێک جیاوازی جینیش بن کە پاڵپشتیی تەندروستیی مرۆڤ دەکەن. دۆزینەوەی ئەو جۆرە جیاوازانەی جینەکان کە دەتوانن بەرانبەر بە نەخۆشییەکان بەرگریمان لێ بکەن کارێکی زۆر دژوارە چونکە زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوانە کە لەسەر دەستنیشانکردنی پەیتایی زنجیرەی دی. ئێن. ئەین قەبارەیەکی بچووکیان هەیە، بەڵام ئەم جۆرە جینانە دەتوانن دەرمانی تازە پێک بێنن.
لانیکەم ٢.٨ ملیۆن کەس لە ساڵدا لەبەر قەڵەوی یان کێشی زۆر دەمرن. قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە جۆری دووی نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشیی دڵ، هەندێ جۆری شێرپەنجە و تەنانەت کۆرۆناش زیاد دەکات.

پارێز و وەرزشکردن دەتوانێت یارمەتی کەسانی قەڵەو بدات کە کێشیان دابەزێنن، بەڵام تایبەتمەندیی جینەتیکیی کەسەکانیش کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر ئەوەی ئاخۆ کەسەکان تووشی کێشەی قەڵەوی دەبن یان نا.
ئەو لێکۆڵینەوانە کە تیشکیان خستووەتە سەر کەسانی لەڕادەبەدەر قەڵەو، هەندێ جۆری جیاوازی جینیان لەم کەسانەدا دەستنیشان کردووە -وەک جۆرێکی “تێکشکاو”ی جینی MC4R کە پەیوەندی بە ئیشتیاوە هەیە- کە ئەگەری قەڵەوبوونی کەسەکان زۆر دەکەن. لێکۆڵینەوەکانی تریش بە هەزاران جۆری جیاوازی جینەتیکییان دۆزیوەتەوە کە هەر کامەیان بە ڕادەیەکی یەکجار کەم کار دەکەنە سەر کێشی لەش، بەڵام پێکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو ئەگەری قەڵەوبوون دەبەنە سەرەوە.

لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا لێکۆڵەرەکان پەیتایی زنجیرەی دی ئێن ئەیی جینۆمی زیاتر لە ٦٤٠ هەزار کەسی خەڵکی مەکسیکا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بەریتانیایان دەستنیشان کردووە، لەم کارەشدا تەنیا پەرژاونەتە سەر ئیگزۆم واتە ئەو بەشەی جینۆم کە کۆدی جینەتیکیی پڕۆتینەکانی لەخۆ گرتووە.
پاشان لێکۆڵەرەکان سەیری بازدانی ئەو جینانەیان کردووە کە پەیوەندییان بە نزمبوون یان بەرزبوونی نوانەی بارستایی جەستە (BMI)ەوە هەبووە، کە پێوەری قبووڵکراوی قەڵەویی لەشە. لەو ١٦ جینەی کە پەیوەندییان بە نوانەی بارستایی جەستەوە هەیە، ٥ پڕۆتینی بەکۆدکراوی پەردەی خانە ناسراو بە پڕۆتینی G لەگەڵ وەرگرەکان جووت بوونە. زاناکان بەڵگەی تریشیان بۆ کاریگەری ئەم جینانە لەسەر کێش خستووەتە ڕوو و دەریانخستووە کە هەر پێنجی ئەم جینانە لە ژێرلانک (هیپۆتالاموس)دایە، واتە ئەو ناوچەیەی مێشک کە کاری ڕێکخستنی برسێتی و مێتابۆلیزمە.

جۆرە جیاوازەکانی یەکێک لەم جینانە واتە جینی GPR75، زۆرترین کاریگەری لەسەر نوانەی بارستایی جەستە هەبووە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەمڕۆی توێژەرانی ساینس کەسانێک کە هەڵگری ئەو بازدانە جینەتیکییانە بوونە کە جۆرێکی ئەم جینەیان لەکار خستووە بە ڕێژەی ٥.٣ کیلۆگرام کێشیان کەمتر بووە و نیوەی ئەو کەسانە کە جۆری کارای جینەکەیان هەبووە ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوییان لەسەر بووە.

لێکۆڵەران بۆ ئەوەی کاریگەری GPR75 لەسەر کێشیان بۆ دەرکەوێت، بە جۆرێک دەستکاریی جینەتیکیی مشکەکانیان کردبوو کە جۆری کارای جینەکەیان نەبێت. ئەوجا کاتێک خوراکی پڕچەورییان پێ درا، بە بەراورد لەگەڵ کۆنترۆڵ گرووپ ٤٤ لەسەد کەمتر بە کێشیان زیاد بوو. ئەم مشکە دەستکاریکراوانە کۆنترۆڵی پەستانی خوێنیشیان باشتر بوو و بەرانبەر بە ئەنسۆلینیش هەستیارتر بوون. بەڵام ئەو جۆرە جیاوازانەی GPR75 کە جینەکە لەکار دەخەن بەدەگمەن دەدۆزرێنەوە: وا دیارە تەنها یەک لە ٣٠٠٠ کەس هەڵگری ئەم جۆرە جینە جیاوازانەیە.

ئەم زانیارییانە زۆر گرینگن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای هاوشێوەی (CRISPR CAS9) یان هەندێک دەرمان کە کاریگەرییان لەسەر کێش هەیە ڕێگە لە کێشەی قەڵەوی بگرین.
کۆتا شت ئەوەیە کە وا دیارە مرۆڤایەتی داهاتوویەکی گەشتر و تەندروستتری دەبێت و هەر لەگەڵ ئەم هیوایەش بەخێر بچن.

Geniticist: بۆماوەزان
Mutation: بازدانی جینەتیکی
Sequencing: دەستنیشانکردنی پەیتایی زنجیرەی دی. ئێن. ئەی
Cell surface: پەردەی خانە
Hypothalamus: ژێرلانک، هیپۆتالاموس

ئامادەکردن: یەعقووب ئەحمەد
پێداچوونەوەی زانستی: مسلم ئەحمەدی
پێداچوونەوەی زمانی: مسلم ئەحمەدی

سەرچاوە:
https://www.sciencemag.org/news/2021/07/massive-dna-study-finds-rare-gene-variants-protect-against-obesity

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *