بابەتژینگە

مانگ دەتوانێت بۆ ماوەی ١٠٠ هەزار ساڵ ئۆکسجین بۆ ٨ ملیار کەس دابین بکات.

بەڵام چۆن کەڵک لەو سەرچاوەیە وەربگرین؟

 

لەم دواییانەدا وەبەرهێنان و تێکۆشانێکی زۆر بۆ دۆزینەوەی ئۆکسجین لەسەر مانگ کراوه. بۆ نموونه هەسارەگەردی ئوسترالیا به هاوکاریی ناسا بۆ دۆزینەوەی ئۆکسجین لەسەر مانگ له ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا بەڕێ کرا.
سەرەڕای ئەوەی که مانگ بەرگەهەوای هەیه بەڵام یەکجار تەسکە و زۆرتر لە هایدرۆجین، نیۆن و ئارگۆن پێک هاتووه. لەم هەوایەدا، بوونەوەری شیردەر وەک مرۆڤ کە پێویستی به ئۆکسجین هەیە ناتوانێت ژیان بکات.
دەگوترێت که مانگ ئۆکسجینێکی زۆری هەیه بەڵام نەک به شێوەی گاز، بەڵکوو بەپێچەوانەوە لەناو بەردەکان و بەرگەی بەردینی سەر مانگ بەند کراوه. ئەگەر بتوانین ئەو ئۆکسجینە لەناو بەردەکاندا دەربکێشین، ئایا پێداویستیی ژیانی مرۆڤ لەسەر مانگ دابین دەکات؟
بەراورد کراوە که ٤٥%ی خاک و بەرگەی بەردینی سەر مانگ ئۆکسجینه. بۆ ئازادکردن و دەرکێشانی ئەو ئۆکسجینه له بەردەکاندا وزە پێویسته.
ئەگەر لەگەڵ ئەلەکترۆلایزدا ئاشنا بن دەزانن که به کارەبادان به ئەلەمنیۆم ئۆکساید، دوو مادەی ئەلەمنیۆم وەک مادەی سەرەکی و ئۆکسجین وەک پاشماوه پێک دێت. لەسەر مانگ حیسابێکی دیکە دەکرێت و ئەوە ئۆکسجینە کە مادەی سەرەکیی بەرهەمهاتوو لە ئەلەکترۆلایزه و ئەلەمنیۆم پاشماوەیە!
ئەگەر تەنیا ئۆکسجینی ناو خاکی هەڵڕژاوەی سەر مانگ لە بەرچاو بگرین، هەر مەتری سێ جا لەو خاکە نزیکەی ٦٣٠ کیلۆ ئۆکسجینی تێدایه. مرۆڤ بۆ زیندوومانەوە ڕۆژانه پێویستی بە ٨٠٠ گرام ئۆکسجینە؛ کەوایه ئۆکسجینی ناو یەک مەتری سێ جای خاکی سەر مانگ، مرۆڤ بۆ زیاتر لە دوو ساڵ زیندوو ڕادەگرێت.
ئەگەر بتوانین به قووڵایی ١٠ مەتر لە خاک و بەردی پێستی مانگ هەڵکەنین و ئۆکسجینەکەی دەربکێشین، ئۆکسجینێک بە دەست دێت که ٨ ملیار مرۆڤ دەتوانن بۆ ماوەی ١٠٠ هەزار ساڵ پێی بژین.
پرۆسەی دەرکێشانی ئۆکسجین لەناو بەرد، وزە و کەرستەیەکی زۆری دەوێت. ئەم وزە و کەرستەیە لەسەر زەوی بەردەسته، بەڵام بۆ ناردنی ئەو هەموو ئامێرە بۆ سەر مانگ و دابینکردنی سەرچاوەی وزەی پێویست، مرۆڤ دەبێت لەگەڵ ئاستەنگییەکانی ئەم ڕێگەیە بەرەنگاری بکات.

 

ئامادەکردن: کەریم بایرامی
پێداچوونەوەی زمانی: محەمەد محەمەدی

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button