Close

برینجی هیندی یان برینجی ئێرانی یان هیچیان؟!

کانزاکان بەپێی ڕۆڵیان لە ڕاچەنینی (مێتابولیزم) جەستە دابەش دەبنە دوو گرووپی پێویست و ناپێویست.

کانزا پێویستەکان وەک ئاسن، مز، سلینیوم، نیکڵ، کرۆم و مەنگەنیز دەورێکی سەرەکییان لە ڕەوتە مێتابولیکەکاندا هەیە. ئەگەرچی هەر ئەمانەش ئەگەر لەڕادەبەدەر بن مەترسیدارن بەڵام کانزا ناپێویستەکان کە دەتوانن کاریگەریی خراپیان لەسەر تەندروستی هەبێت، ژەهراوین وەک: قوڕقوشم، زەڕنیخ، کادمیۆم و جیوە.

ئەگەری ئەوە هەیە کە دانەوێڵەکانی وەک برینج لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە کانزا ژەهراوییەکانیان تێکەڵ بێت.
بۆ نموونە: لەڕێگەی خۆڵ، ئاو، کەڵکوەرگرتن لە دژەئافاتەکان و ماددە کیمیاییەکان و هەروەها باران و چالاکییە پیشەسازییەکان.

ڕێژەی کانزا ژەهراوییەکان لە هەموو جۆرەکانی برینجی هاوردەکراو بەپێی ڕیزبەندی بریتین لە:
قوڕقوشم/ زەڕنیخ/ کادمیۆم

لە حاڵێکدا کە لە برینجی ئێرانیدا ڕیزبەندییەکە بەم جۆرەیە:
قوڕقوشم/ کادمیۆم/ زەڕنیخ

دەبینین کە لە هەردوو جۆری برینجی هاوردەکراو و برینجی ئێرانیدا زۆرترین ڕێژە بۆ قوڕقوشمە کە ڕەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە ڕیشەی گیای وەک برینج توانای ڕاکێشانی قوڕقوشمی تێدایە. بۆیە ڕێژەیەکی کەمی قوڕقوشم لەڕێگەی ئاو و خۆڵەوە ڕادەگوێزرێت و بە برینجەکە زیاد دەبێت.
هەروەها پیسبوونی گیاکان بە قوڕقوشم دەتوانێت بەو هۆکارە بێت کە مەزرا و کێڵگەکانی کشتوکاڵ، لە نزیکی شاڕێگەکان بێت و پیسبوونی گشتیی ژینگە بگەڕێتەوە بۆ کارخانە پیشەسازییەکان.

قوڕقوشم لە درێژخایەندا دەتوانێت ببێتە هۆی شێرپەنجەی خوێن، کولیت، تێکچوونی کاروباری مێشک و نەخۆشینەکانی دیکە.
بەڵام چونکە تێکەڵاوبوونی برینج بە قوڕقوشم زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ توێیەکانی دەرەوە، چاوەڕوان دەکرێت کە ڕێژەیەکی زۆری قوڕقوشمەکە بە شتنی بەردەوام کەم بێتەوە.
هەم شتنەوە و هەمیش هێشتنەوەی برینج لەنێو ئاودا (لەئاوکردنی برینج پێش لێنان) یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کانزاکانی دیکەی وەک زەڕنیخیش.

پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ دەستنیشانکردنی خەستیی هەندێک لە کانزا ژەهراوییەکان وەک زەڕنیخ و قوڕقوشم و کادمیۆم لەسەر جۆرەکانی برینج لە ئێران کە زیاتر بەکار دەهێنرێن، کراوە و هەروەها مەترسی و هەڕەشەکانیان بۆ سەر تەندروستیش تاوتوێ کراوە.

لەم توێژینەوەیەدا ٥٠ وتار شیکردنەوەیان بۆ کراوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە نزیکەی سەدا ٨٨ی برینجی بەکارهێنراوی وڵاتی ئێران (بریتی لە ئێرانی، پاکستانی و هیندی) لەگەڵ ستانداردی نەتەوەیی و WHO/FAO یەکتر ناگرنەوە و هەڕەشە و مەترسییان لەسەر تەندروستی لە ئاستێکی بەرزدایە.

ڕێژەی زەڕنیخ و قوڕقوشم لە برینجی هیندیدا و کادمیۆم لە برینجی ئێرانیدا، لە ئاستی پێویست زۆر زیاترە.

ئەم توێژینەوەیە پێشنیازی کردووە کە پێداچوونەوە لە شێوازی بەرهەمهێنان بکرێت بەڵکوو برینج خاوێنتر بێتەوە و هەروەها جەختی کردووەتەوە کە دەبێت هاوردەکردنی برینج بە کوالێتیی نزمەوە ڕابگیرێت.

وشەکان:
ڕاچەنین، مێتابولیزم :Metabolism
ئاسن :Iron
مز :Copper
سلینیوم :Selenium
نیکڵ :Nickel
کرۆم :Chromium
مەنگەنیز :Manganese
قوڕقوشم :Lead
زەڕنیخ :Arsenic
کادمیۆم :Cadmium
جیوە :Mercury

ئامادەکردن: ئەڤین سەعیدی
چاودێری زمانی: حەسەن مووسازادە

سەرچاوە:
Sharafi K, Yunesian M, Nodehi RN, Mahvi AH, Pirsaheb M. A systematic literature review for some toxic metals in widely consumed rice types (domestic and imported) in Iran: human health risk assessment, uncertainty and sensitivity analysis. Ecotoxicology and environmental safety. 2019 Jul 30; 176: 64-75.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *