Close

مێکوتەی مەیموون چییە و لە کوێوە پەیدا بووه؟

مێکوتەی مەیموون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە (ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ) کە نیشانەکانی زۆر هاوشێوەی ئەو نیشانانەن کە لە ڕابردوو لە نەخۆشانی مێکوتەدا بینراوە بەڵام کەمتر توندە.

ئەو نەخۆشییە، نەخۆشییەکی گرنگی تەندروستی گشتی جیهانییە بەو هۆیە کە نە تەنیا وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا تووشی دەبن، بەڵکوو هەموو جیهان دەگرێتەوە.

 

مێکوتەی مەیموون لە مرۆڤدا بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٠ لە کۆنگۆ لە کوڕێکی تەمەن ٩ ساڵە لە ناوچەیەکدا کە مێکوتە لە ساڵی ١٩٦٨دا لە ناو چووبوو، دەستنیشان کرا. لەو کاتەوە زۆربەی حاڵەتەکان لە ناوچە گوندنشین و دارستانە بارانییەکانی کۆنگۆ دەدیترێت.

 

ماوەی کەرەوزکردن واتە ماوەی تووشبوون تا سەرهەڵدانی نیشانەکانی مێکوتەی مەیموون لە ٦ بۆ ١٣ ڕۆژە بەڵام دەتوانێت لە نێوان ٥ بۆ ٢١ ڕۆژیش بێت بەو شێوەیە کە بە تا، سەرئێشەی توند، نەخۆشیی لیمفەگرێ (ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان)، ئازاری پشت، ئازاری ماسولکە و کەمی وزە دەست پێ دەکات.

و دەرکەوتنی پێست ١ تا ٣ ڕۆژ دوای ئەو نیشانانەیە و پەڵەکە زیاتر لەسەر دەم و چاو(لە ٩٥%ی حاڵەتەکاندا) و دەست و لاق (لە ٧٥%ی حاڵەتەکاندا) چڕ دەبێتەوە. هەروەها قژ دەبێت و ژمارەی برینەکان لە چەند برینێکەوە بۆ چەند هەزارێک دەگۆڕێت. لە حاڵەتە توندەکاندا، برینەکان دەتوانن یەک بگرن تاکوو بەشە گەورەکانی پێست شل دەبنەوە.

هەرچەندە لە ڕابردوودا کوتان دژی مێکوتە پارێزەر بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵەوەیە (بەپێی وڵات) ڕەنگە زیاتر تووشی مێکوتە بن و ئەوەش بەهۆی وەستانی هەڵمەتەکانی کوتانی مێکوتە لە ئاستی جیهانیدا دوای بنبڕکردنی نەخۆشییەکەیە.

 

گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ (زۆنۆتیک) دەکرێت لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن، شلەی جەستە، یان برینەکانی پێست یان چڵمی ئاژەڵە تووشبووەکان ڕوو بدات هەروەها خواردنی گۆشتی نەکوڵاو و بەرهەمە ئاژەڵییەکانی تری ئاژەڵە تووشبووەکان هۆکارێکی مەترسیدارە.

ئەو کەسانەی لە ناوچە دارستانییەکان یان نزیکیان دەژین لەوانەیە بەرکەوتنی ناڕاستەوخۆ یان ئاستی نزمیان هەبێت بە ئاژەڵە تووشبووەکان.

گواستنەوەی مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەتوانێت لە ئەنجامی بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ دەردراوەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، برینەکانی پێستی کەسێکی تووشبوو ڕوو بدات.

هەروەها دەتوانرێت گواستنەوە لە ڕێگەی منداڵدان لە دایکەوە بۆ کۆرپە ڕوو بدات (کە دەتوانێت ببێتە هۆی مێکوتەی زگماکی مەیموون) یان لە کاتی بەرکەوتنی نزیک لە کاتی لەدایکبوون و دوای لەدایکبوون. لە کاتێکدا کە بەرکەوتنی جەستەیی نزیک هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ گواستنەوە، لەم کاتەدا ڕوون نییە کە ئایا دەتوانرێت مێکوتەی مەیموون بە تایبەتی لە ڕێگەی ڕێگاکانی گواستنەوەی سێکسییەوە بگوازرێتەوە. توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی باشتر لەم مەترسییە تێ بگەین.

 

بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی گواستنەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ، پەروەردەکردنی خەڵک سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی کە دەتوانن بیگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە پێویستە. هەندێک وڵات پەرەیان بە پێشکەشکردنی ڤاکسین بەو کەسانە داوە کە لە مەترسیدان وەک کارمەندانی تاقیگە، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و کارمەندانی تەندروستی.

جێی ئاماژەیە زۆربەی تووشبوونەکانی مرۆڤ لە ئەنجامی گواستنەوەی سەرەتایی، لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بووە. بۆ بەرگریکردن لە تووشبوون پێویستە لە بەرکەوتنی بێ پارێز لەگەڵ ئاژەڵە کێوییەکان خۆ بپارێزن، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشن یان مردوون، لەوانە گۆشت و خوێن و بەشەکانی تریان. سەرەڕای ئەوەش پێویستە هەموو ئەو خۆراکانەی گۆشتی ئاژەڵ یان بەشێکی تێدایە پێش خواردنیان بە باشی بکوڵێنرێت. ئەو ئاژەڵانەی کە ئەگەری تووشبوونیان بە مێکوتەی مەیموون هەیە، پێویستە لە ئاژەڵەکانی تر جیا بکرێنەوە و دەستبەجێ بخرێنە کەرەنتینە. هەروەها پێویستە بۆ دڵنیابوون لە ئامادەکاری جیهانی لە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی مێکوتە، ڤاکسینی نوێتر پەرە پێ بدرێت.

 

وەرگێڕ: شادی خوسرەوی

سەرچاوە

بابەتە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *