بابەتتەکنەلۆجیا

ئیمۆجییەکان: ڕێگەیەک بۆ پیشاندانی هەستەکانمان

ئیمۆجی و کارتۆنەکان ئامرازێکی مۆدێرنی سۆشیاڵ میدیان
مرۆڤەکان بە پێی ڕەگەز، هەستەکان و کەسایەتییان ئیمۆجییەکان جیاواز بەکار دەهێنن
ئیمۆجی زمانێکی هاوبەشی جیهانییە کە هەموو کەس لێی تێ دەگات
شێوازی پەیوەندیکردن لە دونیای مۆدێرنی ئێمەدا گۆڕاوە. هەر یەک لە ئێمە بە پێی پێویست ڕۆژانە کەڵک لە واتسئەپ، تێلێگرام و هتد بۆ پەیوەندی وەردەگرین. ئەو ئامرازانە بەستەری پێویستی خۆیان بۆ پەیوەندی دابین کردووە. بە پێی باوەڕی زانایانی بواری تەکنۆلۆژیا ئێمە لە نێو سەدەی ئیمۆجیدا ژیان بەسەر دەبەین.

ئیمۆجی چییە و چۆن بە کار دەهێنرێت ؟

هەر یەک لە ئێمە لە نێو تەلەفۆنە زیرەکەکانماندا کتێبخانەیەکی ئیمۆجیمان هەیە کە کەڵکی لێ وەردەگرین. ئەو ئیمۆجییانە لە سەرەتادا وەکوو ئێستا نەبوون و زۆر پەرەیان سەندووە. لە دونیای پێشووی پەیامنێرەکاندا ئیمۆجییەکان بە تەختەکلیل وەکوو :)، :(، 🙂 و هتد بەکار دەهێنران. ئەو سیمبولانە نەیاندەتوانی هەموو هەستەکانی مرۆڤ بۆ یەکتر بگوازنەوە. بەڵام ئیمۆجییە پێشکەوتووەکان کە لەخۆگری کارتۆنن دەتوانن زۆر لایەنی دەروونی و هەستەکانی مرۆڤ پیشان بدەن و لەنێو تازەلاوان و ژناندا زۆرتر بەکار دەهێنرێن.

ئیمۆجییەکان دەتوانن هەستەکان پیشان بدەن؟

پرسیاری سەرەکیی زانایانی بواری دەروونناسی و تەکنۆلۆژیا ئەوەیە کە ئایا ئیمۆجییەکان دەتوانن هەستەکانمان وەکوو پەیامە نووسراوەکان پیشان بدەن؟ ئیمۆجییەکان لە نێو جیلە جیاوازەکان و بە پێی کولتوور ڕاڤە دەکرێن. بە پێی باوەڕی دکتۆر فێری:
پرسیاری سەرەتایی لەسەر جیاوازیی پیشاندانی دەق و وێنە بۆ لێپرسینەوەی هەستەکانە. ئایا دەق و وێنە وەکوو یەک هەستی مرۆڤ پیشان دەدەن؟ ئەو پرسیارە یارمەتیی زۆر بە شیکردنەوەی بنەماکانی زانستیی هەستەکان دەگەیەنێت.

بە پێی ئەو توێژینەوە زانستییە ئیمۆجی دەتوانێت تا ڕادەیەک دەربڕی هەستەکانی مرۆڤ بێت. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە بۆ تێگەیشتن لە ئیمۆجییەکان ژێرخانێکی کولتووری و یەکتر ناسین پێویستە. هەروەها ئەو توێژینەوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە هەر یەک لە ئێمە ئاستێکی بەکارهێنانی ڕۆژانەی ئیمۆجیمان هەیە. ئەو ئیمۆجییانەی وا زۆرتر ڕواڵەتی دەموچاو پیشان دەدەن وەکوو پێکەنین، گریان و تووڕەیی، چاکتر دەتوانن هەستەکان دەر ببڕن.

ئەو دەستکەوتە، کە ئیمۆجییەکان وەکوو زمانێکی گشتگیر بەکار دێن، دەتوانێت هەواڵێکی دڵخۆشکەر بێت. واتا ئیمۆجی هەر وەکوو پەیامی نووسراو یان وێنە دەتوانێت بۆ گواستنەوەی هەستەکان کەڵکی لێ وەربگیرێت. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئێمە دەتوانین لەو دەستکەوتە بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی مرۆڤ کەڵک وەربگرین؟ بۆ وێنە ئایا ئیمۆجییەکان بۆ ئەو کەسانەی تووشی لاوازیی فێربوون لە نووسینن دەتوانێت بەکار بێت؟ ئەو پرسیارە سەرەکییانە پێویستیان بە توێژینەوەی زیاتر بۆ ڕوونکردنەوە هەیە.

وشە سەرەکییەکان:
Emoji: ئیمۆجی
Emotion: هەست
Lingua franca: زمانی گشت گیر. ئەو زمانەی هەموو کەس لێی تێ دەگات
Learning Disability: لاوازیی فێربوون

نووسەر: کراڵگ هارپێر
وەرگێڕ: ئەمیر عەبدوڵڵاپوور

سەرچاوە

 

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button