بابەتژینگە

ئەو ڕووەکانەی ئازار دەبینن دەگرین!و لەوانەیە هەندێک ئاژەڵ گوێیان لێ بێت!

ئەمە یەکەم بەڵگەیە کە نیشان دەدات ڕووەکەکان کاتێک ئاویان وشک دەبێت یان لقێکیان دەشکێت، دەنگێک لە خۆیان بڵاو دەکەنەوە کە بە زیاتر لە مەترێک ئەولاتر لە خۆیان دەگات. دەنگەکەی چۆنە؟ بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە ٣٠ی مارس لە گۆڤاری «سێل»دا بڵاو کراوەتەوە، تۆزێک وەک دەنگی تەقانی بڵقی نایلۆنی پێچانەوە دەچێت. هەرچەندە پێشتر لەرزینەکانی سەروودەنگ لە ڕووەکەکاندا دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەمە یەکەم بەڵگەیە کە نیشان دەدات «دەنگ» لە ناو هەوا بڵاو دەکەنەوە. مرۆڤ بۆ چی نایبیستێت؟ فرێکوێنسییەکەی لە ئاستی بیستنی مرۆڤ زۆر بەرزترە، بەڵام ئەم دەنگانە دەتوانن هێڵێکی پەیوەندی بن لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەی کە لەوانەیە گوێگر بن! چۆن ئەو کرتەیە پێک دەهێنن؟ لیلاچ هادانی زیندەوەرناس لە زانکۆی تەل-ئەڤیڤ و نووسەری باڵای بابەتەکە دەڵێت «ڕووەکەکان بەردەوام لەگەڵ مێرووەکان، دەعباکان و ئاژەڵەکانی دیکە لە پەیوەندیدان و زۆرێک لەو زیندەوەرانە بۆ پەیوەندیگرتن دەنگ بە کار دەهێنن، بۆیە ناتوانین بڵێین ڕووەکەکان لەم شێوەی پەیوەندیگرتنە بێبەشن». توێژەران بە بەکارهێنانی مایکرۆفۆن، گیای تەماتە و تووتنی تەندروست و ئازاردراویان تۆمار کرد.

ئەوان بە دوو شێوە ڕووەکەکانیان ئازار دەدا: بڕینی لقەکانیان و بێبەشکردنیان لە ئاو. دوای تۆمارکردن، توێژەران بە کەڵکوەرگرتن لە ئەلگۆریتمێکی فێربوونی ماشینی، لە ڕووی دەنگ توانیان تەماتە لە تووتن و هەروەها ڕووەکی تەندروست لە ڕووەکی تینوو و بڕاو جیا بکەنەوە. زانایان بۆیان دەرکەوت کە ڕووەکە ئازاردراوەکان لە چاو ڕووەکە ئاسوودەکان ژاوەژاوی زیاتر بەرهەم دەهێنن. دەنگەکان لە تەقینی بڵقی نایلۆن یان کلیک دەچوو، هەر ڕووەکێکی ئازاردراو لە هەر کاتژمێرێکدا لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ کرتەی بەرهەم دەهێنا. ڕووەکە ئاسوودەکان دەنگیان زۆر کەمتر بوو. هادانی دەڵێت: «کاتێک تەماتە بە هیچ شێوەیەک ئازاری لەسەر نەبێت، زۆر بێدەنگ دەبێت!».

کرتە : دەنگی تەقانی بڵق بە ئینگلیزی (pop)

Cell Lilach Hadany Machine Learning Algorithm

وەرگێڕ: کەریم بایرامی

پێداچوونەوەی زمانی: محەمەد محەمەدی

سەرچاوه

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button